settings icon
share icon
پرسیار

ئایا عیسای مەسیح تاکە رێگای رۆیشتنە بۆ بەهەشت؟

وه‌ڵام


بەڵێ، عیسای مەسیح تاکە رێگای رۆیشتنە بۆ بەهەشت. ئەم رستە تایبەتە لەوانەیە بەلای پۆست مۆدێرنیزمەوە شتێکی ناخۆش بێت بەڵام ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە. کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە مەسیح تاکە رێگای رزگارییە. مەسیح خۆی لە (یۆحەنا ١٤: ٦) دەفەرموێت "من رێگا و راستی و ژیانم، کەس نایێت بۆ لای باوک بە هۆی منەوە نەبێت." مەسیح یەکێک نییە لە رێگاکان، کە یەکێک بێت لە چەند رێگایەک، بەڵکو ئەو رێگاکەیە واتە تاکە رێگایە. هیچ کەسێک ناتوانێت بڕوات بۆ لای باوک لەڕێگەی مەسیحەوە نەبێت جا ئیتر ئەو کەسە، کەسێکی پیرۆزە یان زانیاری زۆرە یاخود کەسێکی بەناوبانگە.

بە پشتبەستن بە چەندین هۆکار دەتوانین بڵێین کە مەسیح تاکە رێگایە بۆ چوونە بەهەشت. مەسیح "لە لایەن خوداوە" هەڵبژێردرا کە ببێتە رزگارکار (یەکەم پەترۆس ٢: ٤). مەسیح تاکە کەسە کە لە ئاسمانەوە هاتە سەر زەوی و پاشان گەڕایەوە ئاسمان (یۆحەنا ٣: ١٣). مەسیح تاکە کەسێکە کە توانی وەکو مرۆڤێکی تەواو و بێخەوش بژیێت (عیبرانییەکان ٤: ١٥). ئەو تەنها قوربانییە بۆ گوناهەکانمان (یەکەم یۆحەنا ٢: ٢، عیبرانییەکان ١٠: ٢٦). ئەو تەنیا کەسێکە کە یاسا و پەیامی پێغەمبەرەکانی پێش خۆی هێنایەدی (مەتا ٥: ١٧). مەسیح تاکە کەسێکە کە توانی تاهەتایە مردن ببەزێنێت (عیبرانییەکان ٢: ١٤- ١٥). ئەو تاکە نێوانگیرە لە نێوان خودا و مرۆڤدا (یەکەم تیمۆساوس ٢: ٥). ئەو تاکە مرۆڤێکە کە خودا "بەرزی کردەوە و ناوێکی دایێ لە سەرووی هەموو ناوێک" (فیلیپی ٢: ٩).

عیسا جگە لە (یۆحەنا ١٤: ٦) لە چەندین شوێنی دیکەشدا باسی ئەوەی کردووە کە ئەو تاکە رێگایە بۆ چوونە بەهەشت. مەسیح لە (مەتا ٧: ٢١- ٢٧) خۆی وەکو سەرچاوەی باوەڕ دەناسێنێت. فەرمووی کە وشەکانی ژیانن (یۆحەنا ٣: ١٤- ١٥). ئەو دەرگای مەڕەکانە (یۆحەنا ١٠: ٧)؛ نانی ژیانە (یۆحەنا ٦: ٣٥)؛ ئەو هەستانەوە و زیندووبونەوەیە (یۆحەنا ١١: ٢٥). هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت ئەم جۆرە ئیدعایانە بکات.

پەیام و فێرکردنەکانی قوتابیان و شوێنکەوتوانی مەسیح تەرکیزیان لەسەر مردن و هەستانەوەی عیسای مەسیح دەکرد. پەترۆس لە (کرداری نێردروان ٤: ١٢) دا لەگەڵ سەنهەدرین قسە دەکات و بە روونی رایدەگەیێنێت کە مەسیح تەنیا و تاکە رێگایە بۆ چوونە ناو بەهەشت: "بێجگه‌ له‌و ڕزگاربوون نییه‌، چونكه‌ ناوێكی دیكه‌ له‌ژێر ئاسماندا نییه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا درابێت، به‌وه‌وه‌ پێویست بكات ڕزگار بین". پۆڵۆسی نێردراو لە کەنیشتێکی ئەنتیاکدا قسە دەکات و رایدەگەیەنێت کە مەسیح تاکە رزگارکارە: "بۆیه‌ برایان، با له‌لاتان زانراو بێت، به‌هۆی عیساوه‌ به‌خشینی گوناه به‌ ئێوه‌ ڕاگه‌یه‌نرا و به‌ باوه‌ڕهێنان به‌م بێتاوان ده‌كرێن له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی نه‌تانتوانی به‌ ته‌وراتی موسا لێی بێتاوان بكرێن" (کرداری نێردراوان ١٣: ٣٨- ٣٩). یۆحەنا بە گشتی بۆ کەنیسە دەنووسێت و مەسیح بە تاکە بنەمای بەخشینی گوناهەکانمان ناودەبات: "بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، رۆڵە خۆشەویستەکان، چونكه‌ له‌به‌ر ناوی ئه‌و گوناهه‌كانتان به‌خشرا" (یەکەم یۆحەنا ٢: ١٢). بێجگە لە عیسای مەسیح کەسی دیکە ناتوانێت گوناهەکانمان ببەخشێت.

تەنیا لەڕێگەی عیسای مەسیحەوە دەتوانین ژیانی ئەزەلی و جاویدانیمان لە بەهەشت هەبێت. مەسیح نوێژی کرد و فەرمووی، "ژیانی هه‌تاهه‌تاییش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تۆ بناسن، ته‌نها خودای ڕاسته‌قینه‌ و عیسای مه‌سیح، ئه‌وه‌ی ناردووته‌" (یۆحەنا ١٧: ٣). بۆ ئەوەی دیاری بەخشینی خودا وەربگرین تەنها دەبێت پشت بە خودی مەسیح ببەستین. دەبێت متمانەمان بەوە هەبێت کە مەسیح لە پێناو پێدانی باجی گوناهەکانی ئێمە لە خاچ درا و پاشان زیندوو بوەوە. "ئه‌م بێتاوانكردنه‌ی له‌ خوداوه‌ به‌هۆی باوه‌ڕ به‌ عیسای مه‌سیح بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕ ده‌هێنن، بۆ هه‌مووان به‌بێ جیاوازییە" (رۆما ٣: ٣٣).

لە کاتی خزمەتکردنی مەسیح لەسەر زەوی، زۆربەی خەڵکی پشتیان تێکرد و مەسیحیان بەجێهێشت و بە هیوای ئەوە بوون کە رزگارکارێکی دیکە بێت و رزگاریان بکات. عیسا پرسیاری لە دوازدە قوتابییەکەی کرد، "ئیوەش دەتانەوێت بڕۆن؟ (یۆحەنا ٦: ٦٧). وەڵامی پەترۆس تەواو دروست بوو کاتێک وتی: "(گه‌وره‌م، بچینه‌ لای كێ؟ وشه‌كانی ژیانی هه‌تاهه‌تایی له‌لای تۆیە، ئێمه‌ش باوه‌ڕمان هێنا و زانیمان كه‌ تۆ پیرۆزه‌كه‌ی خودایت" (یۆحەنا ٦: ٦٨- ٦٩). با هەموومان باوەڕ و ئیمانی پەترۆس لەگەڵ یەکتر بەشداری پێبکەین کە دەڵێت ژیانی ئەزەلی و جاویدانی تەنها لە عیسای مەسیحدایە.

ئایا به‌ هۆی خوێندنەوەی ئەم بابەتەوە بڕیارت دا کە لە قوڵایی دڵەوە باوەڕ بە مەسیح بێنیت‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌‌، تکایه، کرتە له‌ سه‌ر ئەم نوسینەی خوارەوە "ئه‌مڕۆ مەسیحم لە ناخی دڵەوە قبووڵ کرد" بکە.
English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

ئایا عیسای مەسیح تاکە رێگای رۆیشتنە بۆ بەهەشت؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries