settings icon
share icon
پرسیار

ئایا ئەوەی ڕزگارکراوە، هەمیشە ڕزگاركراوه‌؟

وه‌ڵام


ئه‌گه‌ر یه‌كێك رزگاركرا ئایا بۆ هه‌میشه‌ رزگاركراوه‌؟ كاتێك خه‌ڵکی عیسای مەسیح وه‌كو رزگاركاریان قبووڵ دەکەن، لەنێوان ئه‌وان و خودا پەیوەندییەک دروست دەبێت کە زامنی ڕزگاربوونی هەمیشەییان دەکات. زۆر لە ئایەتەکانی کتێبی پیرۆز ده‌رخه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن.

1. (ڕۆما ٨: ٣٠) دەڵێت: "ئه‌وانه‌ی پێشتر دیاری كردن بانگیشی كردن، ئه‌وانه‌ی بانگی كردن بێتاوانیشی كردن، ئه‌وانه‌ی بێتاوانی كردن شكۆداریشی كردن." ئه‌م ئایەتە پێمان ده‌ڵێت كه‌ له‌و ساته‌وه‌ی خودا ئێمه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ ئێمه‌ی لەبەردەم خۆی له‌ به‌هه‌شتدا شکۆدار کردبێت. هیچ شتێك ناتوانێت بۆ یەک ڕۆژیش باوه‌ڕداران له‌ شكۆی خودا دووربخاته‌وه چونكه‌ خودا لە ئاسماندا بڕیاری لەسەر ئەمە داوە. كاتێك كه‌سێك بە دادپەروەر دانرا، ‌لەبەرئەوەی لە ئاسمان شکۆدار کراوە، بەدڵنیاییەوە ڕزگاریی بووە.

2. پۆڵس لە (ڕۆما ٨: ٣٣- ٣٤) دا دوو پرسیاری زۆر گرنگ دەکات: "كێ سكاڵا له‌ هه‌ڵبژێردراوانی خودا ده‌كات؟ خودایه‌ ئه‌وه‌ی بێتاوان ده‌كات. كێیه‌ تاوانبار ده‌كات؟ كه‌س نییه‌. عیسای مه‌سیحه‌ كه‌ مرد، به‌ڵكو له‌مه‌ش زیاتر هه‌ڵستایه‌وه‌، هه‌ر ئه‌ویش له‌ ده‌سته‌ ڕاستی خودایه‌ و داكۆكیمان لێده‌كات." كێ سکاڵا لە هه‌ڵبژێردراوانی خودا دەکات؟ هیچ كه‌س، چونکە مه‌سیح داكۆكیكاری ئێمه‌یه‌. كێ ده‌توانێت مەحکوممان بکات؟ هیچ كه‌س ناتوانێت، چونكه‌ عیسا، ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ مرد بۆ ئێمه‌، هەر ئەویش دەتوانێت مەحکموممان دەکات. ڕزگارکاری ئێمه‌ هه‌م داكۆكیكار و هەم حوکمدەرمانە.

3. مەسیحییەکان دووباره‌ له‌دایك ده‌بنه‌وه‌ كاتێك باوەڕ بە مەسیح دەهێنن (یوحەنا ٣: ٣، تیتۆس ٣: ٥). ئەگەر کەسێک ڕزگاری له‌ده‌ست بدات، ئه‌وا هەرگیز لە بنەڕەتدا لەدایک نەبووە. كتێبی پیرۆز هیچ بەڵگەیەکی باس نەکردووە لەبارەی نەمانی له‌دایك بوونه‌وه‌ی نوێ.

4. ڕۆحی پیرۆز له‌ناو هه‌موو باوه‌ڕداراندا نیشتەجێ دەبێت (یۆحەنا ١٤: ١٧، ڕۆما ٨: ٩) و هه‌موو باوه‌ڕداران له‌ جه‌سته‌ی مه‌سیحدا باپتیز دەکات (یه‌كه‌م کۆڕنسۆس ١٢: ١٣). ئەگەر بڕیاربێت باوەڕدارێک ڕزگارییەکەی لەدەست بدات ئەوا دەبێت لە جەستەی مەسیح جیابێتەوە.

5. (یۆحەنا ٣: ١٥) دەڵێت ئەوەی کە باوەڕ بە مەسیح بێنێت دەبێت بە خاوەنی "ژیانی جاویدانی." ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ باوه‌ڕ به‌ مه‌سیح بێنیت، ئەوا ژیانی جاویدانیت ده‌بێت، به‌ڵام ئەگەر بڕیار بێت سبه‌ی له‌ ده‌ستی بده‌یت، ئه‌وا هه‌رگیز "جاویدانی" نه‌بووه‌. ئەگەر ژیانی جاویدانی لەدەست بدەیت ئەوا هەموو بەڵێنەکانی ژیانی جاویدانی لەناو‌ كتێبی پیرۆزدا بەدرۆ دەکەوێتەوە.

6. باوەڕم وایە کە وشەی خودا باشترین بەڵگەیە بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتەکەمان: "چونكه‌ دڵنیام نه‌ مردن و نه‌ ژیان، نه‌ فریشته‌كان و نه‌ سه‌رۆكه‌كان، نه‌ شته‌كانی ئێستا و نه‌ شته‌كانی داهاتوو، نه‌ هێزه‌كان، نه‌ به‌رزی و نه‌ قووڵی، نه‌ به‌دیهێنراوی دیكه‌، ناتوانێت له‌ خۆشه‌ویستی خودا جیامان بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌ماندایه‌" (ڕۆما ٨: ٣٨- ٣٩). هەرگیز ئەوەت له‌بیرت نەچێت کە هەمان ئەو خودایەی تۆی ڕزگار كردووە هه‌مان ‌خوداش ده‌تپارێزێت. كاتێك ڕزگاركراین بۆ هه‌میشه‌ ڕزگاركراوین. بەدڵنیاییەوە ڕزگاریی ئێمە تاهەتایە مسۆگەر کراوە!

English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

ئایا ئەوەی ڕزگارکراوە، هەمیشە ڕزگاركراوه‌؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries