settings icon
share icon
پرسیار

ئایا باوەڕ تاکە رێگای رزگارییە یان دەبێت کرداریشی لەگەڵ بێت؟

وه‌ڵام


لە مەسیحییەتدا لەوانەیە ئەمە گرنگترین پرسیاری خوداناسی (لاهوتی) بێت. ئەم پرسیارە بووە هۆکاری سەرهەڵدانی ریفۆرم و جیابوونەوەی کەنیسەکانی پرۆتستانت (ئینجیلی) و کەنیسەکانی کاتۆلیک. ئەم پرسیارە بنەمای جیاوازی نێوان مەسیحییەتی ئینجیلی و فرقەکانی دیکەیەتی. ئایا رزگاری تەنیا لەڕێگەی باوەڕەوە دەبێت یان باوەڕ و کردار؟ ئایا تەنیا بە باوەڕکردن بە عیسای مەسیح رزگارم دەبێت یان دەبێت باوەڕم بە عیسا هەبێت لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت چەند کردارێکی دیاریکراویش ئەنجام بدەم؟

پرسیاری "ئایا باوەڕ تاکە رێگای رزگارییە یان دەبێت کرداریشی لەگەڵ بێت" زۆرتر لەلایەن ئەو کەسانەوە دەکرێت کە ناتوانن لەنێوان بەشە جیاوازەکانی کتێبی پیرۆزدا پەیوەندی و هاواهەنگی بپارێزن. (رۆما ٣: ٢٨، ٥: ١) و (گەلاتیە ٣: ٢٤) بەراورد بکە لەگەڵ (یاقوب ٢: ٢٤). هەندێک جیاوازی دەکەن لەنێوان پۆڵس کە دەڵێت رزگاری لەڕێگەی باوەڕەوە دەبێت و یاقوب کە دەڵێت رزگاری لەڕێگەی باوەڕ و کردارەوە دەبێت. پۆڵس بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەڵێت کە تەنیا لەڕێگەی ئیمانەوە بێتاوان دەکرێیت (ئەفەسۆس ٢: ٨- ٩)، بەڵام یاقوب دەڵێت کە لەڕێگەی باوەڕ و کردارەوە بێتاوان دەکرێیت. ئەم بەناو کێشەیە لە وردبوونەوەمان لە وتەکانی یاقوب کۆتایی پێدێت. یاقوب باوەڕی بێبەرهەم رەتدەکاتەوە واتە ئیمان بە بێ کردار بەلایەوە پەسەند نییە (یاقوب ٢: ١٧- ١٨). یاقوب پێفشاری لە سەر ئەوە دەکات کە باوەڕی راستەقینە بە مەسیح، ژیان دەگۆڕێت و کردارەکانت باش دەکات (یاقوب ٢: ٢٠- ٢٦). یاقوب ناڵێت کە بێتاوان کردن لەڕێگەی ئیمان و کردارەوە دەبێت بەڵکو دەڵێت ئەو کەسەی کە بەڕاستی لەڕێگەی ئیمان و باوەڕەوە بێتاوان کراوە، لە ژیانیدا کاری باش دەکات. ئەگەر کەسێک ئیدعای باوەڕداربوون بکات، بەڵام هیچ کارێکی باشیش لە ژیانیدا ئەنجام نەدات؛ ئەوا بە شیمانەیەکی زۆر ئەو کەسە ئیمانەکەی راستەقینە نییە (یاقوب ٢: ١٤، ١٧، ٢٠، ٢٦).

پۆڵس لە نووسینەکانیدا باسی هەمان شت دەکات. ئەو بەرهەمە باشانەی کە باوەڕدار لە ژیانیدا دەبێت هەیبێت لە (گەلاتیە ٥: ٢٢- ٢٣) باس کراوە. رێک دوای ئەوەی کە پۆڵس پێمان دەڵێت کە ئێمە لەڕێگەی باوەڕ و ئیمانەوە رزگارمان بووە (ئەفەسۆس ٢: ٨- ٩)، ئاگادارمان دەکاتەوە کە ئێمە بۆ ئەوە دروست کراوین کە کاری باش بکەین (ئەفەسۆس ٢: ١٠). پۆڵسیش لە ژیانێکی گۆڕدراو هەمان چاوەڕوانییەکانی یاقوبی هەیە: "كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ مه‌سیحدا بێت، به‌دیهێنراوێكی نوێیه‌، شته‌ كۆنه‌كان به‌سه‌رچوون، ئه‌وه‌تا بوونه‌ نوێ" (دووەم کۆرنسۆس ٥: ١٧). پۆڵس و یاقوب لە فێرکردنیان لەسەر رزگاری و بێتاوان کردن دژی یەکدی نین بەڵکو بابەتێکیان بە دوو شێوە دەربڕیوە. زۆر سادەیە، پۆڵس پێفشاری لەسەر ئەوە دەکات کە رزگاری تەنیا لەڕێگەی باوەڕ و ئیمانەوە دەبێت و یاقوب پێفشاری لەسەر ئەو راستییە دەکات کە ئیمانی راستەقینە بە مەسیح بەرهەم و کاری باش دەدات.

English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

ئایا باوەڕ تاکە رێگای رزگارییە یان دەبێت کرداریشی لەگەڵ بێت؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries