settings icon
share icon
پرسیار

چوار بنەما رۆحییەکە کامانەن؟

وه‌ڵام


چوار بنەما رۆحییەکە رێگەیەکە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی خۆشی رزگاری کە لە رێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بەدەست دێت. ئەم بنەما رۆحییانە پەیامی ئیجیلی لە چوار خاڵدا کورت کردووەتەوە.

یەکەمین بنەما بریتییە لە "یەزدان تۆی خۆش دەوێت و نەخشەیەکی سەرنج ڕاکێشی بۆ ژیانت هەیە." (یۆحەنا ٣: ١٦) پێمان دەڵێت: "چونكه‌ خودا به‌م جۆره‌ جیهانی خۆشویست ته‌نانه‌ت كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی به‌ختكرد، تاكو هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی پێ بهێنێت له‌ناو نه‌چێت، به‌ڵكو ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌بێت." (یۆحەنا ١٠: ١٠) هۆکاری هاتنی عیسای مەسیحمان پێدەڵێت؛ "من هاتووم بۆ ئەوەی ئەوان ژیانیان هەبێت، ژیانێکی باشتر." چی شتێک ئێمەی لە خۆشەویستی خودا جودا کردووەتەوە؟ چی شتێک دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژیانێکی پڕ لە بەرەکەتمان بەهۆی مەسیحەوە نەبێت؟

دووەم بنەمای رۆحی بریتییە لە "مرۆڤایەتی هەمووی گرفتاری گوناه بوون و لەئەنجامدا لە خودا دابڕاون. هەربۆیە ناتوانین لە پلانی خودا بۆ ژیانمان تێبگەین." (رۆما ٣: ٢٣) ئەم راستییەمان زیاتر بۆ روون دەکاتەوە؛ "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو گوناهیان كرد و له‌ شكۆی خودا كه‌وتن." (رۆما ٦: ٢٣) دەرەنجامەکانی گوناه کردنمان پێ دەڵێت؛ "کرێی گوناه مردنە." خودا ئێمەی دروست کردووە تاکو پەیوەندیمان لەگەڵی هەبێت. بەڵام مرۆڤ گوناهی هێناوەتەوە سەر زەوی و هەربۆیە لە خودا دابڕاوە. ئێمە ئەو پەیوەندییەمان لەناوبرد کە خودا دەیویست لەگەڵیدا هەمانبێت. ئەی باشە رێگە چارە چییە؟

سێیەم بنەمای رۆحی بریتییە لە "عیسای مەسیح تاکە رێگە چارەیە کە خودا لە پێناو بەخشینی گوناهەکانمان بۆی دابین کردووین. لە رێگەی مەسیحەوە گوناهەکانمان دەبەخشرێت و پەیوەندییە رووخاوەکەمان لەگەڵ خودا چاک دەبێتەوە." (رۆما ٥: ٨) پێمان دەڵێت "به‌ڵام خودا خۆشه‌ویستی خۆی بۆ سهلماندین: هێشتا گوناهبار بووین مه‌سیح له‌ پێناوماندا مرد." (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٣- ٤) ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی کە دەبێت بیزانین و باوەڕمان پێی هەبێت تاوەکو رزگارمان بێت، "....... مه‌سیح له‌ پێناوی گوناهه‌كانمان مرد به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كان، ئه‌و نێژرا و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ڵستایه‌وه‌ به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كان..." عیسای مەسیح خۆی لە (یۆحەنا ١٤: ٦) رایگەیاند کە ئەو تاکە رێگای رزگارییە؛ "منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. كه‌س نایه‌ته‌ لای باوكه‌كه‌ به‌هۆی منه‌وه‌ نه‌بێت." چۆن دەتوانم ئەم دیارییە نایابەی رزگاری وەربگرم؟

کۆتا بنەما کە دەکاتە چوارەم بنەما ئەمەیە "پێویستە وەکو رزگارکار ئیمان بە عیسای مەسیح بهێنین تاکو دیاری رزگاری وەربگرین و پلانی ناوازەی خودا بۆ ژیانمان بزانین." (یۆحەنا ١: ١٢) پێمان دەڵێت: " به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشوازییان لێی كرد، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ ناوی هێنا، مافی پێدان ببنه‌ منداڵی خودا." (کردار ١٦: ٣١) زۆر بە روونی دەڵێت: "باوەڕ بە عیسای پەروەردگار بهێنە، خۆت و ماڵەکەت رزگارتان دەبێت!" تەنها بە نیعمەت رزگارمان دەبێت رێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیحەوە (ئەفەسۆس ٢: ٨- ٩).

ئەگەر دەتەوێت مەسیح وەکو رزگارکاری خۆت قبووڵ بکەیت و خودا لە گوناهەکانت خۆش بێت، دەتوانی بەم شێوەیەی خوارەوە نوێژ بکەیت. دەبێت بڵێین کە وتنی ئەم نوێژە یان هەر نوێژێکی دیکە رزگارت ناکات بەڵکو ئەوە متمانە بوونە بە مەسیح کە دەبێتە هۆی بەخشینی گوناهەکانت. ئەم نوێژە رێگەیەکە بۆ دەربڕینی باوەڕەکەت بە پەروەردگار و سوپاسکردنیەتی کە بەخشینی بۆ ئامادە کردوویت: "ئەی پەروەردگار، من دەزانم کە گوناهم بەرامبەر کردوویت هەربۆیە شایانی ئەوەم کە سزام بدەیت. بەڵام عیسای مەسیح سزاکەی منی گرتە ئەستۆی خۆی تاکو من بەهۆی باوەڕم لە ئەودا ببەخشرێم. متمانەم پێتە کە رزگارم دەکەیت. زۆر زۆر سوپاس ئەی پەروەردگار بۆ نیعمەت و بەخشینە بێ هاوتاکەت! ئامین!"

ئایا به‌ هۆی خوێندنەوەی ئەم بابەتەوە بڕیارت دا کە لە قوڵایی دڵەوە باوەڕ بە مەسیح بێنیت‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌‌، تکایه، کرتە له‌ سه‌ر ئەم نوسینەی خوارەوە "ئه‌مڕۆ مەسیحم لە ناخی دڵەوە قبووڵ کرد" بکە.
English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

چوار بنەما رۆحییەکە کامانەن؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries