ئایا عیسا خودایه‌؟ ئایا عیسا هەرگیز ئیدعای خودایەتی کردووە؟



پرسیار: ئایا عیسا خودایه‌؟ ئایا عیسا هەرگیز ئیدعای خودایەتی کردووە؟

وه‌ڵام:
عیسای مەسیح لە هیچ شوێنێکی کتێبی پیرۆز نەیفەرمووە "من خودام." بەڵام ئەمە به‌و واتایه‌ نییه‌ که‌ ئیدعای خودابوونی نەکردبێت. بۆ نموونه‌، ئەگەر سەیری وته‌کانی عیسا له‌ (یۆحەنا ١٠: ٣٠) بکەین، "من و باوک یه‌کین." له‌ روانینی یه‌که‌مدا، وادەرناکەوێت کە بانگەشەی خودا بوونی کردبێت. بەڵام با سه‌رنجی دژەکرداری جووله‌که‌کان بده‌ین دوای بیستنی ئەم قسەیەی عیسا‌. "جوله‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: له‌به‌ر كردارێكی چاك به‌ردبارانت ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌هۆی كفره‌وه‌، چونكه‌ تۆ مرۆڤێكی و خۆت ده‌كه‌یت به‌ خودا." (یۆحەنا ١٠: ٣٣) جووله‌که‌کان لەوە تێگەیشتن کە مەسیح بانگەشەی خودابوونی دەکات. له‌ ئایاته‌کانی دواتردا، عیسا هەرگیز جوولەکەکان راست ناکاتەوە بە وتنی "من ئیدعای خودابوونم نه‌کردووە". ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە عیسا بەڕاستی وتی کە خودایە کاتێک کە فەرمووی: "من و باوک یەکین" (یۆحەنا ١٠: ٣٠). لە (یۆحەنا ٨: ٥٨) نموونەیەکی دیکە دەبینین، "عیسا پێی فه‌رموون: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، پێش ئه‌وه‌ی ئیبراهیم له‌دایك ببێت، من هه‌م)." کاتێک جووله‌کەکان ئه‌مه‌یان بیست، وه‌کو دژکرده‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م رسته‌یه‌دا، به‌ردیان له‌ ده‌ست گرت تاکو به‌ پێی یاساکانی مووسا به‌ تاوانی کفر بیکوژن." (لێڤییەکان ٢٤: ١٦)

(یۆحەنا ١: ١) ده‌ڵێت: "وشەکە خودا بوو." (یۆحەنا ١: ١٤) دەڵێت: "وشەکەش بووە جەستە." ئه‌مه‌ به‌ روونی پیشانمان ده‌دات که‌ عیسا خودایه‌ له‌ جه‌سته‌دا (خودایە لە شێوەی مرۆڤدا). لە (کردار ٢٠: ٢٨) هاتووە: "شوانایەتی کڵێیسای خودا بکەن ئەوەی بە خوێنی خۆی کڕیویەتی." کێ کەنیسەی خودای به‌ خوێنی خۆی کڕیوە؟ عیسای مه‌سیح. هەروەها هەمان ئایەت رایدەگەیەنێت کە خودا که‌نیسەکه‌ی به‌ خوێنی خۆی کڕیوە‌. که‌واته‌ عیسا هەمان خودایه‌!

تۆماس کە یەکێک بووە لە قوتابی مەسیح، بە عیسای وت: "پەروەردگار و خودای من" (یۆحەنا ٢٠: ٢٨). عیسا، قسەکەی تۆماسی رەتنەکردەوە. (تیتۆس ٢: ١٣) هانمان ده‌دات کە چاوه‌ڕوانی هاتنەوەی خودا و رزگارکا‌رمان عیسای مه‌سیح بین (هەروەها بڕوانە دووەم پەترۆس ١: ١). هەروەها خودای باوکیش دەربارەی عیسای مەسیح دەفەرموێت: "بەڵام لە بارەی کوڕەکە: ئەی خودایە تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە، گۆچانی شانشینیت گۆچانی هەتاهەتاییە." باوک، عیسا به‌ "ئه‌ی خودایە" ناودێنێت، ئەمە دەرخەتی ئەو راستییەیە کە عیسا خودایه‌‌.

لە سیپارەی ئاشکراکردندا دەیخوێنینەوە کە فریشتەیەک بە یۆحەنا دەڵێت کە تەنیا خودا بپەرستێت. (ئاشکراکردن ١٠: ١٩). لە زۆر شوێنی کتێبی پیرۆزدا دەبینین کە مەسیح پەرستراوە. (مه‌تا ٢: ١١، ١٤: ٣٣، ٢٨: ٨، ١٧، لوقا ٢٤: ٥٢، یۆحەنا ٩: ٣٨). عیسا هەرگیز سەرزنشتی ئەوانەی نەکرد کە دەیانپەرست. ئه‌گه‌ر عیسای مەسیح خودا نه‌بوایه‌، ئەوا رێگەی نەدەدا بیپەرستن. بێگومان ئەو کاتە هەروەک چۆن فریشتەکە بە یۆحەنای وت کە تەنیا خودا بپەرستێت، ئەوا ئەمیش بە هەمان شێوە بەو خەڵکەی دەوت کە ئەم نەپەرستن بەڵکو خودا بپەستن. کتێبی پیرۆز پڕە لەو ئایەتانەی کە ئاماژە بە خودابوونی مەسیح دەکەن.

گرنگترین هۆی خودابوونی عیسا ئەوەیە که‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و خودا نه‌بوایه‌، ئەوا مه‌رگی بۆ باجی سزای گوناهه‌کانی خه‌ڵکی جیهان به‌س (کافی) نەدەبوو (یەکەم یۆحەنا ٢: ٢). ئه‌گه‌ر عیسا خودا نه‌بوایه،‌‌ تەنیا بەدیهێنراوێک بوایە؛ ئەوا هەرگیز نەیدەتوانی باجی سزای هەتاهەتایی ئەو گوناهانە بدات کە دژی خودایەکی جاویدانی ئەنجامدراون. ‌ته‌نیا خودا ده‌توانێت باجی سزایەکی جاویدانی بدات (دووەم کۆرنسۆس ٥: ٢١) و بمرێت و زیندوو ببێته‌وه‌ و سه‌رکه‌وتنی بەسەر گوناە و مه‌رگدا رابگەیەنێت.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



ئایا عیسا خودایه‌؟ ئایا عیسا هەرگیز ئیدعای خودایەتی کردووە؟