عیسای مەسیح کێیه‌؟



پرسیار: عیسای مەسیح کێیه‌؟

وه‌ڵام:
به‌ پێچه‌وانه‌ی پرسیاری "ئایا خودا هه‌یه‌؟"، زۆربەی خەڵک گومانیان لە بوونی عیسای مەسیح نییە. بە گشتی خەڵک ئەوەیان قبووڵە کە مەسیح دوو هەزار ساڵ لەمەوپێش لە ئیسراییلدا پێی نایە سەر زەوی. بەڵام بابه‌تی جێی باس، ئەو کاتە سەرهەڵدەدات کە باسی شوناسی ته‌واوی عیسا دەکرێت. تاڕادەیەک هه‌موو ئایینه‌ گه‌وره‌کان، دەڵێن کە عیسا پێغه‌مبه‌ر، یان مامۆستایه‌کی چاک یان پیاوێکی ئاسمانی بووه‌. بەڵام ئێمە دەزانین کە کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە عیسا بەدڵنیاییەوە لە پێغەمبەر و مامۆستای چاک و پیاوی ئاسمانی زیاترە.

سی ئێس لویس، نووسەری بەرجەستەی مەسیحی، لە کتێبێکیدا بە ناوی "مەسیحییەتی سرف" به‌مجۆره‌ ده‌نووسێت: "من له‌م په‌ڕتووکەمدا هەوڵدەدەم رێگری بکەم لە وتنی ئەو شتە بێمانایانەی کە زۆربەی خەڵکی دەربارەی مەسیح دەیکەن. 'من ئاماده‌م عیسا وه‌کو مامۆستایەکی گه‌وره‌ی ئه‌خلاق قبووڵ بکه‌م، به‌ڵام بانگەشەی خودا بوونی ئه‌وم پێ قبووڵ ناکرێت.' ئه‌مه‌ یەکێکە لەو شتانەی کە نابێت بیڵێین. ئەگەر عیسای مەسیح سرف پیاو بووە، لە هەمان کاتدا ئەو جۆرە فێرکردن و ئیدعایەی کردووە؛ ئەوا نەدەکرا تەنانەت بە مامۆستایەکی گەورەی ئەخلاق بانگ بکرێت. بە پێی ئەم روانگەیە، کەواتە عیسا یان شێتە یان شەیتانی بەجەستەبووە. تۆ دەبێت بڕیاری خۆت بدەیت، ئەم پیاوە کوڕی خودا بووە و هەیە یان پیاوێکی شێت و خراپتر لە شێت بووە. دەتوانی پێی بڵێیت نەزان، تفی لێبکەیت و پێی بڵێیت شەیتان و بیکوژیت؛ یاخود دەتوانی خۆت بدەیت بە سەر پێیدا و پێی بڵێیت پەروەدگار، یەزدان. به‌ڵام ئیتر تکایە با ئەم بانگەشە گێلانەیە کە مەسیح تەنها مرۆڤێکە و هیچی دیکە، بخەینە ئەو لاوە، ناتوانین ئەو بانگەشەیە بکەین، کتێبی پیرۆز کەسایەتی عیسای مەسیحی تەواو روونکردوەتەوە کە ئەو خودای راستەقینەیە."

ئەی باشە عیسا چۆن لەسەر شوناسی خۆی دواوە؟ کتێبی پیرۆز دەڵێت ئەو کێیە؟ با پێکەوە بڕوانینیە وتەکانی مەسیح لە (یۆحەنا ١٠: ٣٠)، "من و باوک یه‌کین". له‌ روانینی یه‌که‌مدا، وادەرناکەوێت کە بانگەشەی خودا بوونی کردبێت. بەڵام با سه‌رنجی دژەکرداری جووله‌که‌کان بده‌ین دوای بیستنی ئەم قسەیەی عیسا‌. "جوله‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: له‌به‌ر كردارێكی چاك به‌ردبارانت ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌هۆی كفره‌وه‌، چونكه‌ تۆ مرۆڤێكی و خۆت ده‌كه‌یت به‌ خودا." (یۆحەنا ١٠: ٣٣) جووله‌که‌کان لەوە تێگەیشتن کە مەسیح بانگەشەی خودابوونی دەکات. له‌ ئایاته‌کانی دواتردا، عیسا هەرگیز جوولەکەکان راست ناکاتەوە بە وتنی "من بانگەشەی خودابوونم نه‌کرد". ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە عیسا بەڕاستی وتی کە خودایە کاتێک کە فەرمووی: "من و باوک یەکین (یۆحەنا ١٠: ٣٠). لە (یۆحەنا ٨: ٥٨) نموونەیەکی دیکە دەبینین، "عیسا پێی فه‌رموون: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، پێش ئه‌وه‌ی ئیبراهیم له‌دایك ببێت، من هه‌م)." ئه‌م جاره‌ش جووله‌که‌کان له‌ وه‌ڵامدا هەوڵیاندا عیسا به‌رد‌باران بکەن (یۆحەنا ٨: ٥٩). بەکارهێنانی شوناسی "من هەم" لەلایەن مەسیحەوە، یەکێکە لە ناوەکانی خودا لە پەیمانی کۆن (دەرچوون ٣: ١٤). تاکە هاندەرێک کە وای کرد جوولەکەکان هەوڵی بەردبارانکردنی عیسا بدەن ئەوە بوو کە بانگەشەی خودابوونی کرد.

(یۆحەنا ١: ١) ده‌ڵێت: "وشەکە خودا بوو." (یۆحەنا ١: ١٤) دەڵێت: "وشەکەش بووە جەستە." ئه‌مه‌ به‌ روونی پیشانمان ده‌دات که‌ عیسا خودایه‌ له‌ جه‌سته‌دا (خودایە لە شێوەی مرۆڤدا). تۆماسی قوتابی مەسیح، بە عیسای وت: "پەروەردگار و خودای من" (یۆحەنا ٢٠: ٢٨). عیسا تۆماسی راست نەکردەوە. قوتابییەکی دیکەی بە ناوی پۆڵۆس بەم شێوەیە باسی مەسیح دەکات: "...خودای گه‌وره‌ و ڕزگاركه‌رمان، عیسای مه‌سیح." (تیتۆس ٢: ١٣) پەترۆسی قوتابیش هەمان شت دەڵێت: "... خودا و ڕزگاركه‌رمان عیسای مه‌سیح." (دووەم پەترۆس ١: ١) هەروەها خودای باوکیش شایەتی بۆ شوناسی تەواوی عیسای مەسیح دەدات، "بەڵام لە بارەی کوڕەکە: ئەی خودایە تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە، گۆچانی شانشینیت گۆچانی هەتاهەتاییە." (عیبرانییەکان ١: ٨) هەروەها پەیمانی کۆن شایەتی بۆ خودابوونی مەسیح دەدات، "چونکە کوڕێکمان دەبێت و کوڕێکمان پێدەدرێت و سەرکردایەتی دەکوێتە سەرشانی. ناوی لێدەنرێت سەرسوڕهێنەر و راوێژکار، خودای بەتوانا، باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی." (ئیشایا ٩: ٦)

کەواتە، هەروەک چۆن سی ئێس لویس باسی کرد، ئێمە ناتوانین باوەڕ بە عیسای مەسیح بکەین وەکو مامۆستایەکەی باش. مەسیح بە روونی و به‌ بێ نکۆڵیکردن بانگەشەی خودابوونی کرد. ئه‌گه‌ر عیسا خودا نه‌بێت، که‌واته‌ درۆزنە؛ و روونە کە کەسێکی درۆزن ناتوانێت مامۆستا، پێغەمبەر یان مرۆڤێکی ئاسمانی بێت. بە مەبەستی رەتکردنەوەی خودابوونی مەسیح زۆرێک لە "زانایان"ی هاوچەرخ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زۆربەی نووسراوەکانی کتێبی پیرۆز هی "عیسای راستەقینەی مێژوویی" نین، بەڵکو بە ناو ئەوەوە وتراون. ئێمە کێین کە ئەو مافەمان بە خۆمان داوە نوسراوەکانی کتێبی پیرۆز بخەینە ژێر پرسیارەوە؟! ئایا دەتوانین هەندێک لە وشەی خودا قبووڵ بکەین و هەندێکی دیکەشی رەتبکەینەوە؟! هەرگیز شتی وا نابێت، حاشا!! چۆن دەکرێت زانایەک دوای دوو هەزار ساڵ لە هاتنی مەسیح بێت و بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەو وشەکانی مەسیح باشتر و قووڵتر لەو کەسانە دەناسێت کە لەگەڵ خودی مەسیح ژیاون و خزمەتیان کردووە و لێیەوە فێر بوون؟! (یۆحەنا ١٤: ٢٦).

بۆچی پرسیار کردن لەسەر شوناسی راستەقینەی مەسیح زۆر گرنگە؟ بۆچی خودابوون یان خودانه‌بوونی عیسا گرنگه‌؟ گرنگترین هۆی خودابوونی عیسا ئەوەیە که‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و خودا نه‌بوایه‌، ئاوا مه‌رگی بۆ دانه‌وه‌ی باجی سزای گوناهه‌کانی خه‌ڵکی جیهان به‌س (کافی) نەدەبوو (یەکەم یۆحەنا ٢: ٢). ‌ته‌نیا خودا ده‌توانێت باجی سزایه‌کی جاویدانی بدات (رۆما ٥: ٨، دووەم کۆرنسۆس ٥: ٢١). عیسا دەبێت خودا بێت تاکو بتوانێت باجەکەی ئێمە بدات، بەڵام دەبێت مرۆڤ بێت تاکو بتوانێت گیانی ببەخشێت و بمرێت. رزگاری تەنیا و تەنیا لەڕێگەی باوەڕهێنان بە مەسیح دەستەبەر دەکرێت، خودابوونی مەسیح وایکردووە کە ئەو تاکە رێگای رزگاری بێت. خودابوونی مەسیح وای کردووە کە بانگەشەی ئەمە بکات، "منم رێگا و راستی و ژیان، کەس ناڕوات بۆ لای باوکەکە بە هۆی منەوە نەبێت." (یۆحەنا ٦: ١٤)



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



عیسای مەسیح کێیه‌؟