ماوەیەکی کەمە باوەڕم به‌ عیسای مەسیح هێناوه ‌... ئێستا دەبێت‌ چی بکه‌م؟



ماوەیەکی کەمە باوەڕم به‌ عیسای مەسیح هێناوه ‌... ئێستا دەبێت‌ چی بکه‌م؟

پیرۆزباییت لێده‌که‌ین! ئەم بڕیارەت دەبێتە هۆی گۆڕینی‌ ژیانت! بە شیمانەیەکی زۆر، ئێستا دەپرسیت "باشە، ئێستا دەبیت‌ چی بکه‌م؟ چۆن دەتوانم گەشتەکەم له‌گه‌ڵ خودا ده‌ستپێبکه‌م؟" ئەو پێنج هەنگاوەی که‌ له‌ خواره‌وه‌ باسمان کردوون، بە پشت بەستن بە کتێبی پیرۆز هەندێ بەرچاوروونیتان دەداتێ، ئەگەر هاتوو له‌ گەشتەکەتاندا پرسیارتان بۆ پێش هات، تکایه‌ سەیری وێبسایتی www.GotQuestions.org/Kurdish-Sorani بکه‌ن.

۱. دەبێت دڵنیا بیت لەوەی کە لە واتا و مانای‌ رزگاری تێگەیشتووییت.

(یەکەم یۆحەنا ٥: ١٣) پێمان ده‌ڵێت: "ئه‌مانه‌م بۆ ئێوه‌ نووسی كه‌ باوه‌ڕتان به‌ ناوی كوڕی خودا هه‌یه‌، تاكو بزانن ژیانی هه‌تاهه‌تاییتان هه‌یه‌." خودا دەیەوێت کە لە واتای رزگاری تێبگەین. خودا دەیەوێت کە ئێمە بەو متمانەوە، دڵنیا بین لەوەی کە رزگارکراوین. با به‌ کورتی، چاوێک به‌ خاڵه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی رزگاریدا بخشێنین:

(ا) ئێمه‌ هه‌موومان گوناهبارین‌. هه‌موومان کۆمەڵە کارێکمان کردووه‌ که‌ بەلای خوداوە ناپەسەند و خراپن (رۆما ٣: ٢٣).

(ب) به‌هۆی گوناهە‌کانمانه‌وه‌، شایانی سزای ئەزەلین کە بریتییە لە دابڕانی تاهەتایی لە خودا (رۆما ٦: ٢٣).

(پ) عیسای مەسیح لەپێناو دانه‌وه‌ی باجی گوناهه‌کانی ئێمه‌، له‌ سه‌ر خاچ گیانی سپارد (رۆما ٥: ٨، دووەم کۆرنسۆس ٥: ٢١). عیسا له‌ جێگای ئێمه مرد، بۆ ئەوەی ئەو سزایە هه‌ڵبگرێت کە شایانی ئێمە بوو. زیندووبوونه‌وه‌ی لە پاش مه‌رگ، سه‌لماندی که‌ مه‌رگی ئه‌و بۆ دانه‌وه‌ی باجی گوناهه‌کانی ئێمه‌ کافی و به‌س بووه‌.

(ت) خودا بەخشین و رزگاری بە هەموو ئەو کەسانە دەبەخشێت کە باوەڕ بە عیسای مەسیح دەهێنن، و باوەڕ بەوە دەکەن کە مەسیح لە پێناو باجی گوناهەکانی ئێمەدا گیانی سپارد (یۆحەنا ٣: ١٦، رۆما ٥: ١، رۆما ٨: ١).

لەڕاستیدا ئەمە کورتەیەک بوو لە‌ په‌یامی رزگاری‌! ئه‌گه‌ر عیسای مه‌سیح به‌ رزگارکا‌ری خۆت قبووڵە ئەوا تۆ رزگارت بووە! هەربۆیە هه‌موو گوناهه‌کانت بەخشراوە، هەروەها خودا پەیمانی داوە کە هەرگیز بەجێت نەهێڵیت و هەمیشە لەگەڵت دەبێت (رۆما ٨: ٣٨- ٣٩، مەتا ٢٨: ٢٠). بیرت نەچێت کە رزگاریت لەلای عیسای مەسیح پارێزراوە (یۆحەنا ١٠: ٢٨- ٢٩). ئەگەر تەنها و تەنها عیسای مەسیحت وەکو رزگارکاری خۆت قبووڵە، ئەوا لەوە دڵنیا بە کە لە ئاسمان ژیانی جاویدانی لەگەڵ خودا بەسەر دەبەیت.

۲. کەنیسەیەکی شیاو بدۆزەوە کە فێرکردنەکانی کتێبی پیرۆزت بە باشی فێربکەن.

پێت وانەبێت کە کەنیسە واتە بینای مەزن و جوان. کەنیسە واتە خەڵک. گرنگە کە کۆمەڵی باوەڕداران پێکەوە کۆببنەوە. کۆکردنەوەی خەڵک یەكێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کەنیسە. ئێستا کە تۆ باوەڕداریت، هانت دەدەین کەنیسەیەک بدۆزیتەوە کە بنەمای فێرکردنەکانی لەسەر کتێبی پیرۆز بێت، پاشان بڕۆ و لەگەڵ قەشەکە قسە بکە و پێی بڵێ کە تۆ تازە باوەڕت بە مەسیح هێناوە.

ئامانجی دووه‌می کەنیسە، فێرکردنی کتێبی پیرۆزە بە ئەندامانی. لەم رێگەوە فێری ئەوە دەبیت کە فەرمانەکانی خودا لە ژیانی رۆژانەتدا جێبەجێ بکەیت. تێگه‌یشتن له‌ کتێبی پیرۆز، کلیلێکە کە بەرەو ژیانێکی بەهێز و سەرکەتووی مەسیحیت دەبات. (دووەم تیمۆساوس ٣: ١٦- ١٧) دەڵێت: "هه‌موو نووسراوه‌كان له‌ سروشی خودایە، سوودبه‌خشه‌ بۆ فێركردن و سه‌رزه‌نشت و ڕاسته‌ڕێكردن و لێڕاهێنان له‌ ڕاستودروستی، تاكو مرۆڤی خودا ته‌واو بێت، ئاماده‌ بێت بۆ هه‌موو كارێكی چاك."

ئامانجی سێیه‌می کەنیسە پەرەستنە (عیبادەتە). ستایش کردن و پەرەستن واتە سوپاسکردن و شوکرگوزاری‌ خودا‌ بۆ هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی که‌ ئەنجامی داون‌! خودا ئێمه‌ی رزگار کردووە. خودا ئێمەی خۆش دەوێت. خودا پێویستییەکانمان دابین دەکات. خودا رێنوێنی و هیدایەتمان دەکات. چۆن دەکرێت سوپاسی خودا نه‌که‌ین؟ خودا پیرۆز و راستودروست و خۆشەویست و بە به‌زه‌یی و پڕ لە نیعمەتە. لە (ئاشکراکردن ٤: ١١) دا هاتووە: ئه‌ی خوداوه‌ند و خودامان، تۆ شایانی ئه‌وه‌ی شكۆ و ڕێز و توانا وه‌ربگری، چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە، بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنراون."

۳. هه‌موو رۆژێک کاتێکی تایبەت تەرخان بکە بۆ رامان و تێفکرین لە‌ خودا.

زۆر گرنگه‌ که‌ هەموومان رۆژانە کاتێک تەرخان بکەین بۆ وردبوونەوە لە خودا. هه‌ندێک بەمە دەڵێن "کاتێکی ئارام" چونکە لەم کاتەدا خۆمان بۆ خودا تەرخان دەکەین. هەندێک کەس لە بەیانیان کات تەرخان دەکەن بەڵام هەندێکی دیکە ئێواران. لەڕاستیدا گرنگ نییە بەم کاتە چی دەڵێیت و چی کاتێک ئەنجامی دەدەیت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ شێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ خودا کات بەسەرببەیت. دەبێت چی بکەین لەو کاتەی کە بۆ خودای دابین دەکەین؟

(ا) نوێژکردن. بە کورتی نوێژ واتە قسەکردن له‌گه‌ڵ خودا. له‌گه‌ڵ خودا سه‌باره‌ت به‌ نیگەرانی و کێشەکانت بدوێ. داوای رێنوێنی و ژیری لە خودا بکە. داوا بکە خودا پێویستییەکانت دابین بکات. بە خودا بڵێ کە چەندە خۆشت دەوێت و چەندە بەرزی دەخرێنی هەموو ئەو کارانەی کە بۆتی ئەنجامداوە. ئەمە واتای نوێژکردن بوو!

(ب) خوێندنی کتێبی پیرۆز. هەرچەندە کە لە کەنیسە کتێبی پیرۆز دەخوێنین یان دەڕۆین و لە قوتابخانە ئایینیەکاندا کتێنی پیرۆز دەخوێنین، بەڵام دەبێت خۆشت کتێبی پیرۆز بخوێنیت. کتێبی پیرۆز هەموو ئەو شتانەی تێدایە کە وادەکات تۆ وەکو مەسیحییەکی سەرکەوتوو ژیان بەسەر ببەیت. رێنمایی خودای تێدایە کە یارمەتیت دەدات بڕیاری ژیرانە بدەیت، و ویستی خودا بزانیت؛ و چۆن خزمەتی دەوروبەرەکەت بکەیت، هەروەها چۆن لەڕووی رۆحییەوە گەشە بکەیت. کتێبی پیرۆز وشەی خودایە بۆ ئێمە، کتێبی پیرۆز لەڕاستیدا کتێبی رێبوێنی خودایە کە پێمان دەڵێت بە چی جۆرێک بژین تاکو بتوانین خودا رازی بکەین و لەهەمان کاتدا خۆشمان رازی بین.

۴. له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا پەیوەندیت پتەو بکە کە دەتوانن لە رووی رۆحییەوە هاوکاریت بکەن.

(یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٣٣) دەڵێت: "هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن: په‌یوه‌ندی خراپ ڕه‌وشتی جوان تێكده‌دات." کتێبی پیرۆز پڕە لە ئاگاداری دەربارەی ئەوەی کە خەڵکی "خراپ" چەندە دەتوانن کاریگەرییان لەسەرمان هەبێت. هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە خەریکی کاری خراپن، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێمەش تووشی وەسوەسەی ئەنجامدانی ئەو کارانە بین. لەڕاستیدا کەسانی دەوروبەرمان دەکرێت کاریگەری راستەوخۆی لەسەرمان هەبێت. هەربۆیە، باشترە لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەڵسوکەوت بکەین کە خودایان خۆش دەوێت و تەواو خۆیان بە خودا سپاردووە.

هەوڵ بدە یەک دوو هاوڕێیەک لە کەنیسە پەیدا بکەیت کە هاوکار و هاندەرت بن (عیبرانییەکان ٣: ١٣، ١٠: ٢٤). داوا لەو هاوڕێیانەت بکە کە بەردەوام و بە جدی، بەسەربردنی کات لەگەڵ خودا و کردارەکانت و پەیوەندیت لەگەڵ خودا هەڵبسەنگێنن. بەم شێوەیە دەبیت بە بەرپرسیار و وەڵامدەرەوە. هەروەها داوایان لێبکە کە تۆش هەمان شت بۆ ئەوان ئەنجام بدەیت. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیدی پەیوەندیت لەگەڵ ئەو کەسانەدا بپچڕێنیت کە هێشتا باوەڕیان بە عیسای مەسیح نەهێناوە. لەکاتێکدا کە پەیوەندی گەرمی هاوڕێیەتیت لەگەڵیان بەردەوامی پێدەدەیت، پێیان بڵێ کە مەسیح چۆن ژیانتی گۆڕی و چیدیکە ناتوانیت ئەو کارانە ئەنجام بدەیت کە لە رابردوودا دەتکردن. لە خودا داوا بکە کە دەرفەتت بۆ بڕەخسێنێت تاکو بتوانیت دەربارەی مەسیح لەگەڵ هاوڕێکانت بدوێیت.

۵. دەبێت لە ئاو هەڵبکێشرێیت.

زۆربه‌ی خه‌ڵک بەهەڵە لە رێوڕەسمی عەمادکردن (لەئاو هەڵکێشان) تێگەیشتوون. وشەی "عەمادکردن" واتە بەخێرایی چوونە ناو ئاو و هاتنە دەرەوە لێی. لەئاوهەڵکێشان بەپێی کتێبی پیرۆز واتە راگەیاندنی ئاشکرای باوەڕە نوێکەت لە مەسیحدا و ئەو پەیمانەی کە داوتە تاکو ببیتە شوێنکەوتووی. کرداری چوونه‌ ژێر ئاو واتە تۆ لەگەڵ مەسیحدا نێژرای. کرداری هاتنەدەرەوە له‌ ئاوەکە واتە تۆ لەگەڵ مەسیحدا زیندوو بوویتەوە. لەکاتی لەئاو هەڵکێشاندا تۆ لەگەڵ مەسیح دەمریت، لەگەڵ ئەو دەنێژرێیت، هەروەها لەگەڵ ئەو لە نێوان مردووان زیندوو دەبیتەوە. (رۆما ٦: ٣- ٤).

لەبیرت نەچێت کە عەمادکردن نابێتە هۆی رزگاریت، هەروەها بە هیچ جۆرێک نابێتە هۆی شۆردنەوەی گوناهەکانت. لەئاوهەڵکێشان واتە تۆ ملکەچی فەرمانی خودات کردووە و باوەڕ و بەڵێنت بە رزگارکارەکەت راگەیاندووە. ئەگەر ئامادەیی ئەوەت تێدایە کە لە ئاو هەڵبکێشرێیت، ئەوا بە قەشەیەکی رابگەیەنە.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



ماوەیەکی کەمە باوەڕم به‌ عیسای مەسیح هێناوه ‌... ئێستا دەبێت‌ چی بکه‌م؟