settings icon
share icon
پرسیار

رێگای رزگاری یان پلانی رزگاری چییە؟

وه‌ڵام


ئایا برسیته‌؟ مه‌به‌ستم برسیه‌تی جه‌سته‌یی نییه‌، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە ئایا برسی شتێکی زیاتری لەوەی کە ئێستا هەیە؟ ئایا شتێک له‌ قوڵایی ناختەوە هه‌یه‌ که‌ وادیارە هیچ کاتێ قانع نابێت؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە، ئەوا عیسا رێگاکەیە! عیسای مەسیح دەفەرموێت: "منم نانی ژیان. ئه‌وه‌ی بێته‌ لام هه‌رگیز برسی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز تینووی نابێت." (یۆحەنا ٦: ٣٥).

ئایا سه‌رت لێشێواوە؟ ئایا وادیارە که‌ هەرگیز رێگا یان ئامانجی ژیانت نادۆزیتەوە‌؟ ئایا وا دەردەکەوێت کە که‌سێک چراکانی کوژاندووه‌‌ته‌وه و ناتوانیت کلیلەکانی بدۆزیتەوە‌؟ ئه‌گه‌ر وەڵامەکە بەڵێیه‌، ئەوا عیسا رێگای رزگاریتە! عیسا دەفەرموێت: "منم ڕووناكی جیهان. ئه‌وه‌ی دوام بكه‌وێت هه‌رگیز به‌ تاریكیدا ناڕوات، به‌ڵكو ڕووناكی ژیانی ده‌بێت." (یۆحەنا ٨: ١٢).

ئایا هەرگیز هه‌ستت به‌وه‌ کردووه‌ که‌ دەرگای ژیانت له‌ سه‌ر داخراوه‌؟ ئایا پاش هەوڵ و کۆششێکی زۆر بۆ کردنه‌وه‌ی درگاکانی دیکه‌ی ژیانت، لەوە تێگه‌یشتووییت که‌ ئه‌وه‌ی له‌ پشت ئه‌م درگایانه‌وه‌یه‌، پووچ و بێ واتان‌؟ ئایا به‌ دوای دەروازەیەکدا ده‌گه‌رێیت که‌ به‌ره‌و ژیانێکی پڕ و جێی ره‌زامه‌ندی بکرێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر وەڵامەکە بەڵێیە، ئەوا عیسا رێگای رزگارییە! عیسا دەفەرموێت: "منم ده‌رگاكه‌. ئه‌وه‌ی له‌ منه‌وه‌ بچێته‌ ژووره‌وه‌ ڕزگاری ده‌بێت، دێته‌ ژووره‌وه‌ و ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌وه‌ڕگا ده‌دۆزێته‌وه‌." (یۆحەنا ١٠: ٩).

ئایا ئەو کەسانەی لە دەوروبەرتن، به‌ردەوام بێ هیوات دەکەن‌؟ ئایا پێوه‌ندییه‌کانت رووکەش و بێبنەما بوون‌؟ ئایا وادیارە کە هەموو کەسێک دەیەوێت سوودی خراپت لێوەربگرێت؟ ئه‌گه‌ر وەڵامەکە بەڵێیە، ئەوا عیسا رێگای رزگارییە! عیسا دەفەرموێت: " منم شوانه‌ دڵسۆزه‌كه،‌ شوانی دڵسۆز ژیانی خۆی بۆ مه‌ڕه‌كانی داده‌نێ. منم شوانه‌ دڵسۆزه‌كه‌. مەڕەکانی خۆم ده‌ناسم و مەڕەکانیشم من ده‌ناسن." (یۆحەنا ١٠: ١١، ١٤).

ئایا ده‌ته‌وێت بزانیت که‌ پاش ئه‌م ژیانه‌ چی رووده‌دات؟ ئایا ماندوو بوویت لەوەی بۆ ئەو شتانە بژیت کە لەناودەچن و کاتین؟ ئایا هەرگیز کەوتویتە گومانەوە و پێت وابووبێت کە ژیان بێواتایە؟ ئایا ده‌ته‌وێت پاش مه‌رگیش بژیت؟ ئه‌گه‌ر وەڵامەکە بەڵێیە، ئەوا عیسا رێگای رزگارییە! عیسا دەفەرموێت: "منم هه‌ڵستانه‌وه‌ و ژیان. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر بشمرێت ده‌ژیێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێك كه‌ زیندووه‌ و باوه‌ڕم پێ بهێنێت، هه‌رگیز نامرێت." (یۆحەنا ١١: ٢٥- ٢٦).

رێگای راست چییه‌؟ راستی چییه‌؟ ژیان چییه‌؟ عیسا دەفەرموێت: "منم رێگا و راستی و ژیان، کەس ناڕوات بۆ لای باوکەکە بە هۆی منەوە نەبێت". (یۆحەنا ١٤: ٦).

ئەو برسیه‌تییەی کە هەستی پێدەکەیت، رۆحییه‌، کە ته‌نها و تەنها مەسیح دەتوانێت برسییەتیەکەت نەهێڵێت. عیسا ته‌نیا که‌سێکه‌ که‌ ده‌توانێت تاریکایی له‌نێو ببات. عیسا، درگایه‌که‌ به‌ره‌و ژیانێکی پڕ و رازی. عیسا ئه‌و هاوڕێ و شوانه‌یه‌‌ که‌ به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕایت. عیسا ژیانه‌، له‌م جیهانه‌ و له‌ جیهانه‌کەی دیکە‌شدا (قیامەت). عیسا رێگای رزگارییە!

هۆی هەستکردن بە برسییه‌تی، هۆی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ست ده‌کەیت له‌ تاریکیدا ون بووییت و هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ناتوانیت واتای ژیان بدۆزیته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ خودا دابڕێنراویت. کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە ئێمه‌ هه‌موومان گوناهمان کرد هەربۆیە له‌ خوا دابڕاین (ژیرمەندی ٧: ٢٠، رۆما ٣: ٢٣). هە‌ست کردن به‌ پووچی له‌ ‌دڵتدا، هۆکارەکەی بریتییە لە نەبوونی خودا لە ژیانتدا. ئێمە بەدیهێنراوین تاوەکو لەگەڵ خودا پەیوەندیمان هەبێت. بەهۆی گوناهەوە ئێمە لەو پەیوەندییە دابڕاوین. تەنانەت لەوەش خراپتر ئەوەیە کە گوناهەکانمان وای کردووە کە له‌م ژیانه‌دا و لە ژیانەکەی دیکەشدا، تاهەتایە لە خودا داببڕێین و دووربکەوینەوە (رۆما ٦: ٢٣، یۆحەنا ٣: ٣٦).

ئه‌م کێشه‌یه‌ چۆن چاره‌سه‌ر دەکرێت؟ عیسا ته‌نها رێگە چاره‌یە! عیسا گوناهه‌کانی ئێمه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ (دووەم کۆرنسۆس ٥: ٢١). عیسا لە جیاتی ئێمه‌ گیانی سپارد (رۆما ٥: ٨)، عیسا ئەو سزایەی گرتە ئەستۆ، کە ئێمە شایانی بووین. دوای سێ رۆژ، عیسا له‌ مردن هەستایەوە و سه‌رکه‌وتنی خۆی بەسەر گوناه و مه‌رگدا سه‌لماند (رۆما ٦: ٤- ٥). بۆچی ئەو کارەی کرد؟ عیسا خۆی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارە دەداتەوە و دەفەرموێت: " كه‌س خۆشه‌ویستی له‌مه‌ گه‌وره‌تری نییه‌ كه‌ یه‌كێك ژیانی خۆی بۆ دۆسته‌كانی دابنێت (یۆحەنا ١٥: ١٣). عیسای مەسیح گیانی سپارد تاکو ئێمه‌ بژین. ئه‌گه‌ر باوەڕ به‌ عیسا بێنین و باوەڕ بەوە بکەین کە لە پێناوی باجی گوناهەکانی ئێمە گیانی سپارد، ئەوا گوناهه‌کانمان ده‌به‌خشرێن و نامێنن. پاشان چیدیکە برسیه‌تی رۆحی و ده‌روونیمان‌ نامێنێت. چراکان هه‌ڵدەبن. ‌ژیانێکی پڕ و جێی ره‌زامه‌ندی ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. هاوڕێ راستەقینە و هەرەباشەکان و شوانمان ده‌دۆزینه‌وه‌. هەروەها ئەو کاتە دەزانین کە پاش مه‌رگ، تاهەتایە لەگەڵ مەسیح دەژین!

چونكه‌ خودا به‌م جۆره‌ جیهانی خۆشویست، ته‌نانه‌ت كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی به‌ختكرد، تاكو هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی پێ بهێنێت له‌ناو نه‌چێت، به‌ڵكو ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌بێت (یۆحەنا ٣: ١٦).

ئایا به‌ هۆی خوێندنەوەی ئەم بابەتەوە بڕیارت دا کە لە قوڵایی دڵەوە باوەڕ بە مەسیح بێنیت‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌‌، تکایه، کرتە له‌ سه‌ر ئەم نوسینەی خوارەوە "ئه‌مڕۆ مەسیحم لە ناخی دڵەوە قبووڵ کرد" بکە.
English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

رێگای رزگاری یان پلانی رزگاری چییە؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries